١٩ ئاب ٢٠٢٥ - ١٠:٥٧
Source: Mehrnews
ئەورووپا دۆڕاوی گەورەی کۆبوونەوەی ئەلاسکا؛ گەمارۆی سیاسیی پووتین شکستی هێنا

کارناسێکی سیاسیی تورکیا جەختی کرد کە چارەسەریی قەیرانی ئۆکراین زیاتر لەوەی پەیوەستی ڕێککەوتنی مسکۆ و کیێف بێت، گرێی خواردووە بە پەیوەندیی ڕووسیا لەگەڵ ئەمریکا و پاشان لەگەڵ ئەورووپا و بە تایبەت بەریتانیا.

بەشی نێودەوڵەتی: ئۆنۆر سینان گۆزئاڵتان، یاسازان و کارناسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێرەی ئاژانسی مێهر، سەبارەت بە دیداری پووتین و ترامپ لە ئەلاسکا پاش هەوڵی ڕۆژئاوا بۆ گەمارۆی سیاسی لە دژی مسکۆ لە کاردانەوە بە شەڕی ئۆکراین، وتی: پووتین سەرەڕای ئەو گەمارۆیانە دیتمان کە چۆن بە ڕێز و پێشوازییەکی گەرم و گوڕەوە هەنگاوی نایە خاکی ئەمریکاوە و ئەمە خۆی نیشاندەری شکست‌هێنانی گەمارۆکان دژی ڕووسیایە. هەروەها ئەو دیدارە ناڕاستەوخۆ نیشانی دا کە ئەمریکا لە درێژخایەن و ڕەنگە لە کورتخایەندا هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان دژی ڕووسیا بدات. بەلام هەر ئەوەی کە دیدارێکی لەو ئاستەدا لە خاکی ئەمریکا ئەنجام دراوە، لە خۆیدا دەسکەوتێکی دیپلۆماتیک و سەرکەوتنێکە بۆ ڕووسیا.

وتیشی: ڕوویەکی تری ئەم دیدارە شکستی ئەورووپایە، چونکە ترۆئیکای ئەورووپی پێداگربوون لە درێژە و تەنانەت تەشەنەی گەمارۆکان دژی ڕووسیا. بەڵام ئەمریکا ئەگەرچی وێڕای هاوپەیمانانی ناتۆیی فەرمانی دەستگیریی بۆ سەرۆک کۆماری ڕووسیا دەرکردبوو و گەمارۆیەکی زۆری بەسەردا سەپاندبوو، بەڵام لە خاکی خۆیدا میوانداریی کرد و ئەمەش واتە تێکشکانی سیاسەتی تەریکخستن و گەمارۆ دژی ڕووسیا، لانی‌کەم لە گۆشەنیگای دیپلۆماتیکەوە.

ئەو کارناسە تورکە لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم ڕێککەوتنی ڕووسیا و ئۆکراین، ڕوونی‌كردەوە: ناکۆکیی مسکۆ و کیێف تەنیا تەرکیزی لە سەر کێشەکانی نێوان ەئو دووە نییە و گرێ‌دراوە بە شەڕ و ململانێی بەرەی ڕۆژئاوایی لە دژی ڕووسیا و بگرە لە دژی بەرەی ڕۆژهەڵات. هەڵبەت نابێ نکۆڵی لە ناکۆکیگەلێکی وەک پرسی سەرزەوینی و چۆنیەتی ئاگربڕ و ئاڵوگۆڕکردنی ئەسیران و پێدانی غەرامە و ڕادەستکرانەوەی ناوچە گیراوەکان، لە نێوان ئەو دووەش بکەین. بەڵام چارەسەریی هەر ئەو پرسانەش لە سەرووی ناکۆکییەکانی نێوان مسکۆ و کیێفە و ئەمەش بە ئاشکرا لە دیداری ئەمریکادا هەست پێدەکرا و دەرکەوت کە چارەسەریان پەیوەستە بە ڕێککەوتنی ڕۆژئاوا و ڕووسیا.

ئۆنۆر سینان گۆزئاڵتان زیادیشی کرد: چارەسەریی پرسی ئۆکراین زیاتر لەوەی دەروەستی ڕێککەوتنی مسکۆ و کیێف بێت، پەیوەستە بە ڕێککەوتنی ڕووسیا لەگەڵ ئەمریکا و پاشان لەگەڵ ئەورووپا و بەتایبەت بەریتانیا. لە ئێستادا گۆڕانکارییەکی ئیجابی لە نێوان ئەمریکا و ڕووسیادا هەست پێدەکرێت. بەلام هەم لە ناوخۆی ئەمریکا و هەمیش لە ئەورووپادا باڵ و لایەنگەلێک هەن کە دژی ئاسایی‌کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ مسکۆن و پێدەچێ لە داهاتوودا لێکدژیی نێوان ئەو باڵانە پەرە بستێنێت و ئەمە دەتوانێ ببێتە هۆی قووڵ‌بوونەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکان لە بەرەی ڕۆژئاوا و بەدوایدا، ڕەنگە شایەدی گۆڕانکاریی چاوەڕوان‌نەکراو بین. چونکە کۆتایی ئەم شەڕە پاشهاتی قورسی بۆ زۆربەی دەوڵەتانی ئەورووپی هەیە. بە تایبەت باڵە ڕادیکاڵە دەستڕۆیشتووەکانی ئەورووپا لە ئەگەری کۆتایی‌هاتنی ئەم شەڕە، چیتر هێز و پێگەی سیاسی و ئابوورییان لە دەست دەدەن و بۆیە ئەمان هەوڵ دەدەن چەق بخەنە سەرڕیی هەر جۆرە ڕێککەوتنێکی ئاشتی.

ناوبراو لە درێژەدا سەبارەت بە هەڵوێستی ئۆکراین لە پرسی ڕێککەوتنی ئاشتیدا، ڕایگەیاند: بە بڕوای من زلێنیسکی بە هۆی چاوەڕوانیی پاڵپشتیی لە ئەمریکا و ئەورووپا بە تەنیا توانای چارەسەری پرسەکەی نییە. بەوەشەوە گۆڕانکارییەکانی ئێستا نیشان دەدا کە ئەمریکا لانی‌کەم بەدوای ئاسایی‌کردنەوە و ئاشتەوایی لەگەڵ ڕووسیایە. لەو ئەگەرەدا زلێنسیکی زیاتر پاڵ بە هێزە ئەورووپییەکان و لەوان بەریتانیا دەدات و بۆ درێژەی شەڕ پشت بەوان دەبەستێت. بەلام ئەورووپا پێگەیەکی لاوازی هەیە و بەبێ ئەمریکا ڕوون نییە تا چەندە بتوانێ بەرگەی دژایەتی ڕووسیا بگرێت.

ڕاشیگەیاند: کەواتە پێداگریی ئۆکراین لە درێژەی ئەو شەڕە بە مانای لاوازبوون و وەلانرانە. ترامپ ئێستا ژێستی ئاشتی‌خوازیی گرتۆتە بەر، بەوەشەوە زۆر نمونە وەک خۆدزینەوی لە دانوستان لەگەڵ تاران و هێرش بۆ سەر ئێران وێڕای ئیسرائیل، نیسان دەدەن کە ئەویش جێی متمانە نییە. گەلێ‌جار ڕووسیا ویستوویەتی لەگەڵ ئۆکراین دانوستان بکات، بەڵام ڕۆژئاوا بە هێرشی سەربازی وەڵامی داوەتەوە. هەر ئێستاش شایەدی جموجۆڵەکانی قەفقازی باشوورین بۆ پچڕانی پەیوەندییەکانی ئێران و ڕووسیا. کەواتە ڕوونە ئەمریکا و ترامپ جێی متمانە نین و ئەوەی کە ئێستا ئەمریکا و ترامپ لە قەڵافەتی "ئاشتی‌هێنەر" دەرکەوتووە، نابێتە هۆی ئەوەی خەریکی پیلان لە دژی ڕووسیا و ئێران نەبن. کەواتە تەنیا بە پشتبەستن بەوەی کە دانوستانەکان ئیجابی بوون، ناکڕی چاوەڕوانی ئاشتیی یەکجاریی لێ بکەین.

Your Comment

You are replying to: .
captcha